بۆ یەكەمجار ناوی سلێمانی دەچێتە كتێبی گینسەوە


خەندان – ئاكۆ جەمیل

پرۆژەی نوسینی ناوی (سلێمانی) بە پیتی لاتینی (SLEMANI) لەبناری شاخی گۆیژە بە رووبەری 6500 مەتر دووجا بەشەش قۆناغدا تێدەپەڕێت ئێستا لە قۆناغی چوارەمدایەو دواتر ئامادەكاری بۆ دەكرێت بۆئەوەی وەك گەورەترین ناو لە جیهاندا بچێتە كتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

دەزگای خەندان، بۆ ناساندنی ناوی سلێمانی لەبناری شاخی گۆیژە، سەردانی پرۆژەكەی كردو نوێترین زانیاری لەسەر شێوازی نووسینی ئەو ناوە ئاشكرا دەكات.

یوسف محەمەد، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی تایبەت بە خەندانی رایگەیاند: “بیرۆكەی نوسینی ناوی (سلێمانی) لەبناری شاخی گۆیژە لە ساڵانی نەوەدەكانەوە هەبووەو چەندجارێكیش جووتكراوە، بەڵام شێوازی دانانەكەی قورس بووەو دواجار لەسەردەمی پارێزگاری پێشووی سلێمانی لەگەڵ چەند ئەندازیارێكدا بڕیاری لەسەر دراو پرۆژەكەش سەركەوتووبوو.

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: “بۆ نوسینی (ناوی سلێمانی) هیچ پارەیەك سەرف ناكرێت و بۆڵت و گاردێل لە شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە ئەوانەی كە لە گەنجینەدا هەڵگیراون، سوودی تەواویان لێ‌ وەرگیراوە”.

وتیشی: “ئەگەر بتوانین قادرمە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دروست دەكەین تا گەشتیاران سەردانی شوێنی ناوەكە بكەن و هاوكات جێگەی ئاڵای كوردستانیش ئامادەكراوەو دواتر چوارچێوەی ناوەكە بە گڵۆپ دەڕازێنرێتەوە كە ئەمە هێمایەكی جوان دەبێت بۆ شارەكەمان”.

لای خۆشیەوە ئەندازیار سامان كەریم عەلی، بەخەندانی وت: “نوسینی ناوی سلێمانی لە حەوت وشەی لاتینی بەشێوازی كەپیتەڵ (SLEMANI) پێكهاتووە و درێژی هەر وشەیەك 50 مەترەو پانی سەرجەم وشەكان 350 مەترەو رووبەرە گشتیەكەی 6500 مەتر دووجایە”.

وتیشی: “نوسینەكە بەشەش قۆناغدا تێدەپەڕێت ئێستا لە قۆناغی چوارەم داین وشەی سەرەتای كە (LوS)ە تەواو بووەو دوای ئەوەش دەست دەكرێت بە دانانی رووناكی كە لەشەواندا دیمەنێكی جوانی دەبێت و پاشانیش لە دوا قۆناغدا سەوزایی بە چواردەورییدا بۆ دروست دەكرێت”.

ئەو ئەندازیارە ئەوەشی ئاشكراكرد: “نوسینی ناوی سلێمانی تائێستا لە جیهاندا بەم شێوازە گەورەیە نەبووە، بۆیە دوای تەواوبوونی ناوەكە راستەوخۆ ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەوەی وەك گەورەترین ناو لە جیهاندا ناوی بچێتە كتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەكان”.

جێی باسە نووسینی ناوی سلێمانی بەم شێوازە كێبڕكێی ناوی هۆلیود لەسەر شاخی سانتا مۆنیكا دەكات لە ئەمریكا كە بەرزی هەرپیتێكی 14 مەترو درێژیییەكەشی 110 مەترە، بەڵام پیتەكانی ناوەكەی سلێمانی 50 مەترەو درێژییەكەشی 350 مەترە، بەمەش سلێمانی ئەو ریكۆردەی هۆڵیود دەشكێنێت و ناوی دەچێتە كتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

….

سه‌رچاوه‌: خەندان 


 _________________________________

You may also like...