دەربارەی سیستەمی کارپێکردنی ئوبونتو!

سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێ بیت 
ئوبونتو ubuntu: یەکێکە لە دابەشکردنەکانی لینوکس، لە سەر دیبیان بنیات نراوە، لە ژێر مافی سەرچاوەی کراوەدایە.
ئەم دابەشکردنە بە یەکێک لە بەناوبانگترین دابەشکردنەکانی لینوکس هەژمار دەکرێت، زۆر گونجاوە بۆ سەرەتاکان و
مامناوەندەکان. هەروەها زۆر گونجاوە بۆ خاوەن کۆمپانیا بچوکەکان و مامناوەندییەکان لەڕووی پاراستنی پەڕگەکان
و داتا و زانیارییە تایبەتییەکانیان.
گرنگترین تایبەت مەندییەکانی ئوبونتو
پاڕێزگاری
لە تایبەت مەندییە گرنگەکانی ئوبونتو ئەوەیە، کە زۆر گرنگی بە پارێزراوی و متمانە دەدات و کەشێکی ئارامت بۆ
ئامادە دەکات دوور لە مەترسی هاک و دوور لە کێشەی فایرۆس، بەوەی کە ڤایرۆس لە ئوبونتو دا زۆر دەگمەنە، ئەمەش
وادەکات لە ئوبونتو بەرنامەکانی ئەنتی ڤایرۆس و ئەنتی ترۆجان و … هتد نەبێت!
ئاسانی لە بەکارهێنان
یەکێکی تر لە تایبەت مەندییەکانی ئوبونتو ئەوەیە کە ئاسانە بۆ بەکارهێنان و زۆرترین خزمەتگوزاری و بەرنامە و ئامڕازی تێدایە
واتە بەکارهێنەر بۆ دامەزاردنی سیستەمی ئوبونتو و بەرنامەکان و درایڤەکانی تەنها پێویستی بە داگرتنی سیستەمەکە دەبێت و
دواتر سەرجەم کارەکان لە پرۆسەی دامەزراندن ئەنجام دەدات بێ ئەوەی پێویستت بە CD و DVD بێت، هەروەها بە هەزاران
بەرنامە و ئامڕاز و پێوەکراو هەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانی دابمەزرێنیت لەسەر ئوبونتو.
قەبارەی بچوک و جێگیر
بۆ ئەوەی ئوبونتو دامەزرێنیت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت، پێویست ناکات کۆمپیوتەرەکەت تایبەتمەندی بەرزی تێدابێت ، قەبارەیەکی بچوکی هەیە و لە کۆمپیوتەرەکت دا قەبارەیەکی زۆر کەم داگیر دەکات لە ڕووی جێگیر بوونەوە تەواو جێگیرە . هەروەها لە کاتی
بەکارهێنانیدا هەرگیز شاشەی شین نابینیت! بەڵکو ئوبونتو دەتوانرێت چەندین ساڵ لەکاربێت بەبێ ئەوەی دوبارە دامەزرێنیت !!
جوان و سەرنجڕاکێش
ئوبونتو بە یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین دابەشەکردنەکانی لینوکس هەژمار دەکرێت، بەوەی کە کۆمەلێکی زۆر لە
ڕووکار و کۆنکی و ئایکۆن و ڕەنگالە و تایبەتمەندی تری جوانکاری تێیدا بەردەستە و دەتوانیت بە ویستی خۆت گۆڕانکاری تێدا
بکەیت.
بەخۆڕاییە و سەرچاوە کراوەیە
هەروەک هەموو دابەشکردنەکانی تری لینوکس، ئوبونتوش بەبێ بەرامبەرە واتە سیستەم و بەرنامە و ئامڕاز و پێداویستیەکان
بەبێ بەرامبەرامبەرن و سەرچاوەی کراوەیە کە دەتوانیت سەرچاوەکان ببینیت و دەستکاریان بکەیت.
پێگەی فەرمی ئوبونتو : http://www.ubuntu.com
نووسه‌ری بابه‌ت : گاگ سام 
له‌ كورد لێنكسه‌وه‌

 _________________________________

You may also like...