چۆنیەتی نوێژی قەصر و جەمع
چۆنیەتی نوێژی قەصر و جەمع
الحمدلله رب العالمین والصلاة والسلام على نبینا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى یوم الدین
١- دروستە نوێژ قەصر و جەمع بکرێت ئەگەر کەسێک سەفەری کرد بۆشوێنێک کە چوون بۆ ئەو شوێنە لەناو عورفی خەڵکدا پێی بوترێت سەفەر ؛ جا ئەگەر مەودای دووری ئەو شوێنە لە 83 کیلۆ مەتر کەمتریش بێت دروستە ؛ گرینگ ئەوەیە لەناو خەڵکدا چوون بۆ ئەو شوێنە بەسەفەر حیساب بێت ئەوە دروستە قەصر و جەمع بکرێت والله أعلم .
٢- ماوەی کورت کردنەوە و کۆ کردنەوەی نوێژ لەسەفەردا چەند رایەکی جیاوازی زانایانی لەبەراوە هاتووە ؛ هەندێک لەزانایان فەرمویانە موسافیر چەند لەسەفەر بێت بۆی دروستە نوێژەکانی قەصر و جەمع بکات هەتا ئەوکاتەکەی دەگەرێتەوە شارەکەی ؛ ئەنەس فەرمویەتی : خرجنا مع رسول الله صلى الله عليه وسلم من المدينة إلى مكة فكان يصلي ركعتين ركعتين حتى رجع إلى المدينة . متفق عليه . واتە : لەگەڵ پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەشاری مەدینەوە چووین بۆ مەککە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم نوێژەکانی دوو رکەعەت دوو رکەعەت دەکرد هەتا گەرایەوە مەدینە .
٣- ئەو نوێژانەی کورت دەکرێنەوە بریتین لەنوێژە چوار رکەعەتیەکان – نوێژی نیوەرۆ و عەسر و عیشا – ؛ بەڵام نوێژی بەیانی و مەغریب هەر وەکو خۆیان دەبن و کورت ناکرێنەوە .
٤- لەکاتی جەمع کردندا —— نویژی نیوەرۆ لەگەڵ نوێژعەسر جەمع دەکرێت وە نوێژی مەغریب لەگەل نوێژ عیشا جەمع دەکرێت ؛ وە هەرگیز نوێژی عەسر لەگەل مەغریب جەمع ناکرێت ؛ وە نوێژی بەیانی لەکاتی خۆیدا دەکرێت و هیچ لە نوێژەکان لە گەڵیدا جەمع ناکرێت .
٥- دوو جۆر جەمع هەیە ؛ جەمع تەقدیم و جەمع تەئخیر ؛ جەمعی تەقدیم واتە پێش خستن و کۆکردنەوەی ئەو نوێژەی کە هێشتا کاتی نەهاتووە لەگەڵ نوێژی پێشتری ؛ بۆ نمونە نوێژی عەسر بهێنرێتە لای نوێژی نیوەرۆ و لەدوای بانگی نیوەرۆ کە نوێژی نیوەرۆ دەکەی پاشان نوێژی عەسر بکەی ؛ وە جەمعی تەئخیر واتە دواخستنی ئەو نوێژەی کە کاتی هاتوە بۆ ئەنجام دانی و ببرێتە لای نوێژی دواتری ؛ بۆ نمونە لەدوای بانگی نیوەرۆ نوێژی نیوەرۆ نەکرێت و ببرێتە لای نوێژی عەسر .
٦- -ئەو کەسەی نیەتی سەفەر کردنی هەیە و هێشتا لەشارەکەی دەرنەچووە بۆی دروستە لەدوای نوێژی نیوەرۆ نوێژی عەسریش بکات بەڵام ٤ رکەعەت بە ٤ رکەعەت و دروست نیە کورتیان بکاتەوە و نابێت دوو رکەعەت دوو رکەعەت نوێژی نیوەرۆ و عەسر بکات چونکە هێشتا هەر لەناو شاری خۆیەتی و نەچۆتە شارێکی تر ؛ کەواتە لەم حالەتەدا تەنها جەمع کردن دروستە و کورت کردنەوە دروست نیە .
٧- تەرتیب لەکاتی جەمع کردنی نوێژەکاندا واجبە و دەبێت سەرەتا ئەو نوێژە بکرێت کە کاتی لەپێش ئەوەی تریانە ؛ بۆ نمونە لەکاتی جەمع کردنی نوێژی نیوەرۆ لەگەل عەسر یان مەغریب لەگەڵ عیشا ئەوە سەرەتا نوێژی نیوەرۆ دەکەی ئینجا عەسر ؛ یان سەرەتا مەغریب دەکەی ئینجا عیشا جا ئەو جەمعە چ جەمعی تەقدیم بێت یان تەئخیر بێت هیچ فەرقی نیە و زۆر بەی زانایان فەرویانە تەرتیب بەم شێوەیە واجبە و نابێت سەرەتا نوێژی عەسر بکەی ئینجا نیوەرۆ یان عیشا بکەی ئینجا مەغریب بەم شێوەیە نابێت و دروست نیە بەڵکو دەبێت بە پێچەوانەوە بێت .
٨- نیەت هێنان بۆ گشت عیبادەتێک ئەوەیە لە دڵتدا مەبەستت لەوعیبادەتە تەنها خوای گەورەبێت و بەزمان هیچ ناڵێیت چونکە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم نیەتی بەزمان نەهێناوە بۆیە تەنها بەدڵ نیەتت هەبێت کە ئەم عیبادەتە تەنها لەپێناو خوای گەورە ئەنجام دەدەی ئەوە نیەتە و پێویست بەهیچ ناکات بەزمان دەرببری .
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
_________________________________