له‌وانه‌كانیاندا ته‌مه‌ڵ ده‌بن

له‌وانه‌كانیاندا ته‌مه‌ڵ ده‌بن

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات،  ژه‌مه‌ خێراكان (فاست فود) كاریگه‌ری‌ ده‌كاته‌ سه‌ر ئاستی‌ زیره‌كی‌ منداڵ‌و زۆر به‌سستی‌ درك ده‌كه‌ن، هزر‌و توانایان بۆ وه‌رگرتن كه‌مده‌بێته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی‌ (ده‌یلی‌ مه‌یل)ی‌ به‌ریتانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ زانكۆی‌ (ئۆهایۆ)ی‌ ئه‌مریكی‌ بڵاوكرده‌وه‌‌و تێیدا ئه‌وه‌ ڕونكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و منداڵانه‌ی‌ خواردنی‌ خێرا ده‌خۆن‌و تێره‌ به‌چه‌ورییه‌ زیانبه‌خشه‌كان، كه‌سانێكی‌ زۆر ته‌مه‌ڵ‌و گه‌مژه‌یان لێده‌رده‌چێت بۆ وه‌رگرتن‌و تێگه‌یشتنی‌ ماده‌كانی‌ خوێندن، پێویستیان به‌بیركردنه‌وه‌ی‌ زۆر ده‌بێت بۆ وانه‌كانی‌ بیركاری‌، زانست‌و خوێندنه‌وه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ هۆكاری‌ زیانه‌كانی‌ خواردنه‌ خێراكانی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ بونی‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌چه‌وری‌ زیانبه‌خش‌و كه‌می‌ توخمی‌ ئاسن كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌گه‌شه‌ی‌ عه‌قڵی‌‌و كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ئاڕاسته‌كردنی‌ ڕێژه‌ی‌ ئاماژه‌كان بۆ مێشك، به‌و هۆیه‌وه‌ سیستمی‌ خۆراكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌چه‌وری‌‌و شیرینی‌ كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر كرداری‌ فێربون هه‌یه‌ له‌قۆناغه‌كانی‌ گه‌شه‌ی‌ منداڵدا.

جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌ خواردنی‌ خێرا هیچ پێویست نییه‌ بۆ ته‌ندروستی‌ منداڵ‌و هه‌رزه‌كار، چونكه‌ له‌پاڵ نزمبونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ زیره‌كی‌‌و قه‌ڵه‌ویدا، نه‌خۆشی‌ ترسناك دروست ده‌كات وه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی‌ دڵ، شه‌كره‌‌و بۆرییه‌كانی‌ خوێن.
لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ (8500) منداڵی‌ به‌شداربوی‌ قوتابخانه‌كانی‌ ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ ژه‌مه‌كانی‌ خواردنیان خواردنه‌ خێرا‌و ئاماده‌كان بوه‌.
—————————————————————–
و : نیاز جه‌لال


 _________________________________

You may also like...