Sony Vegas Pro ناساندنی بەرنامەی سۆنی ڤێگەس ، بەتواناترین بەرنامەی مۆنتاژ

 نووسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح

سۆنی ڤێگەس پرۆ (Sony Vegas Pro) بەرنامەیەكە بنیات نراوە بۆ گۆرانكاریكردن و جێبەجیكردنی كاریگەریەكان لەسەر بەرهەمی میدیاییوەك ڤیدیۆیەك كە لە دەنگ و ڕەنگ پیك هاتووە ، لە ڕێگای ئەم بەرنامەوە بەهۆی بوونی چەندین كاریگەری دەنگی و ڕەنگیەوە دەتوانرێت دەست بگیرێت بەسەر بەرهەمی ڤیدیۆییداو گۆرانكاری و جوانكاری پێویست بكرێت لە پێكهاتەكەیدا .

بەرنامەی سۆنی ڤێگەس لە توانادا هاوشێوەی (After effects) بەڵام بێگومان ئافتە ئیفێكت لە ڕوی گرافیكەوە ئێجگار بەتواناترە ، وە لە ڕوی چونیەتی بەكارهێنانیشەوە هاوشێوەی (Final Cut Pro) كە لە سیستەمی ماكدا كە بەیەكێك لە بەرنامە هەرە پێشكەوتوەكانی بواری ڤیدیۆ ئیدیتین ئەژمار دەكریت هەمیشە كۆمپانیای ئەپڵ شانازی پێوە دەكات .

سەرەتا فێرخواز بۆ بەرچاو ڕونی دەبێت ئەوە بزانێت كە مۆنتاژ چیە ؟

ووشەی مۆنتاژ (Montage) لە بنەڕەتدا ووشەیەكی فەرەنسیەو هاو واتاكەی لە ئینگلیزیدا بە (Editing) دانراوە بەڵام لە كوردیدا ووشەیەك نیە بەتەواوی واتای ئەم كارە بدات كە پێ ی دەكرێت ، هەرچۆن بێت مۆنتاژ دەستكاریكردن و گۆڕانكاری كردنە لە پرۆژەی مالتی میدیادا و بنیات نانی بەرهەمی ڤیدیۆییە كاركردنی ئێمە لەسەر بەرهەمە میدیاییەكان گۆرینی كات و لێكدانی بەرهەمە میدیاییە پارچە پارچە بوەكانە سەرباری كاریگەری و كردارە جۆربەجۆرەكانی دەنگ ، ئەو كەسەی كەم كارە دەكات بە فەرەنسی ناودەبرێت بە مۆنتێر (Monteur) لە ئینگلیزێشدا نازناوی ئیدیتەر (Editor) ی بۆ دانراوە ، وەك چۆن كەسێك لە فۆتۆشۆپدا شارەزابیت نازناوێكی هەیە و پێ ی دەڵین (Designer) ، مۆنتێر كەسیكە دەبیت خاوەنی سەلیقەو وزەیەكی باش بێت هەتا هەستی بینەر بەلای خۆیدا رابكێشێت و بزانیت بینەر چ جۆرێك لە تەكنیكیانی نیشاندانیان پی خۆشە لە بەرهەمی میدیاییدا ، لە ئێستادا زۆرن ئەو بەرنامانەی كە بۆ بواری مۆنتاژ بەرهەم هێنراون و لەهەر بەرنامەیەكیدا بەكارهێنەر دەتوانێت بلیمەتی خۆی تێدا بسەلمێنێت و كاری زۆر نایابی لی بنیات بنێت بەڵام بەرنامەی سۆنی ڤێگەس پرۆ نمونەی باشترین بەرنامەیە كەلەم بوارەدا بەرهەم هێنراوە و ئاسانە لە بەكارهێناندا و ئیجگار خیرایە لە كاركردندا ، سەرباری چەندین تایبەتمەندی كە لە هیج بەرنامەیەكی هاوشێوەی دا بوونی نیە وەك :

1-  جیاكردنەوەی دەنگ و ڕەنگ و دەستگرتن بەسەر تەواوی تایبەتەمەندیەكانیاندا بەجیا و پیدانی کاریگەری بە هەریەكێكیان .

2-  پاڵپشتی بەرهەمی سێ دوری دەكات و بەتەواوی تایبەتمەندیەكانی دەپارێزێتەوە پاش گۆرانكاریكردن تێیدا و ئیفێكتی تایبەتی بۆ دابین كراوە .

3- جوانترین و باشترین كاریگەریەكانی تێدا دەستەبەر كراوە و بەو پەڕی ئاسانیەوە جێ بەجێ دەكرێت بەسەر بەرهەمەكەدا كە لە هیچ بەرنامەیەكی هاوشێوەیدا بوونی نیە .

4- توانای تێكەڵ كردنی تێكست و وێنەو ڤیدیۆی هەیە لە یەك بەرهەمی شریتیدا و ڕیك دەخرێن پێكەوە لە توڵێكدا بەهەمان قەبارەو كوالیتی سەرباری پدانی كاریگەریەك كە ڕەنگەكەی هاوتای یەك دەكات .

5- دەكرێت هاوشێوەی گورزەیەك لە وێنە (ئەلبوم) شریتە ڤیدیۆیەك دروست بكرێت بە كاریگەری تەواوەتی و دانانی دەنگەوە .

6- پاراستنی كوالیتی بەرهەمەكەو باشتركردنی بەهۆی دانانی كاریگەری ڕەنگ لەسەری ، لەهەندێك باردا كوالیتیەكەی جوانتر دەكرێت ئەگەر توشی هەر جۆرێك لە كێشە بووبێت .

7- پێدانی تایبەتمەندی بەسەر ڤیدۆكەدا ئایا لەگەڵ هەستی بینەردا دەگونجێت یان نا بۆ نمونە ئەو بەرهەمە ڤیدیۆییە ئەكشنە یان رومانسیە یان وەرزشیە یان هەر دیمەنێكی سروشتیە.

8- دەستكاریكردن و دانان و گۆڕینی لۆگۆی جێگیر لەسەر هەر پرۆژەیەك كە دانرابێت بە چەندین تەكنیكی جیاواز .

9- ژێرنووس كردن و دانانی هەر زانیاریەكی تێكستی لە بەرهەمەكەدا سەرەڕای كارەكانی فۆڕماتین و جوانكاریكردن لە تێكستەكەدا .

10- هێنانە پێشەوەی بەشێك لە ڤیدیۆیەك یاخود چاككردنی ئەگەر لە بارێكی هەڵەدابێت بۆ نمونە سەرەوخوار بوونی یان ڕاست و چەپ كردنی .

11- پشتگیری كردنی زۆربەی جۆرەكانی ڤیدیۆ و وێنە تەنانەت بەرهەمی فڵاشی (SWF) دەتوانرێت تێكەڵ بە پرۆژەكە بكرێت تێیدا .

12- دەستگرتن بەسەر تایبەتمەندی دەنگی ڤیدیۆكەدا و بەرزكردن و نزم كردنەوەی بڕەكەی و پێدانی كاریگەری تایبەت پێ ی .

13- گۆڕینی ژێر نووسی ئەو ڤیدیۆیانەی كە پێشتر ژێرنووسیان بۆ دانراوە بێ ئەوەی هیچ لە كوالیتی و تایبەتمەندی ڤیدیۆكە كەم بكاتەوە .

14- بەگەڕخستنی بەشێك لە توانای بەرنامەكە لە دیڤایەسەكانی وەك سمارت فۆن و ئایپاددا هەتا بتوانرێت گۆڕابكاری تری تێدا بكرێت .

15- لە كاتی پاراستن یاخود ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكەدا بەرنامەكە پشتگیری تەواوی كوالیتی جۆری دیڤایسەكان دەكات و بە كەمترین ماوە بەرهەمەكە بە پی ی هەڵبژاردنی مەبەست دەپارێزێت .

میژووی بەرهەم هێنانی دەرچووەكانی بەرنامەی سۆنی ڤێگەس :

ئەم بەرنامەیە سەرەتا بەرنامەیەك بوو یەكەم دەرچووی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ فایلی دەنگیداو لە لایەن كۆمپانیای (Sonic Foundry) وە بەرهەم هێنراوە بەڵام لە دووەم ڤێرژنەوە بەرنامەكە گشتگیركراو دەیتوانی گۆڕنكاری لە دەنگ و ڕەنگدا بكات ، بەرنامەی سۆنی ڤێگەس یەكەم بەرنامەی مۆنتازە كە دەتوانێت چەندین كوالیتی ڤیدیۆیی تێكەڵ یەك بكات و دواتر لە ژیر یەك تایبەتمەندیدا كۆیان بكاتەوە ، بۆنمونە ئەگەر ڤیدیۆیەك بەمۆبایلیك تۆماركرابیت دەتوانرێت بخریتە تەنیشت بەرهەمێكی ڤیدیۆیی ترەوە كە بە كامێرایەكی دیجیتاڵی بەتوانا وێنەی گیرابێت ، ئەم بەرنامەیە لە سەرەتای بەرهەم هێنانیەوە هەتا ئێستاش تەنها دەتوانرێت لەسەر سیستەمی ویندۆز دابمەزرێنرێت و پشتیوانی سیستەمی ماك ناكات ، ئەم بەرنامەیە كاتێك گەشەی كرد و وەك پرۆژەیەكی تەواو بی كەم و كوڕی كەوتە بەردەستی بەكارهێنەران كە لەلایەن كۆمپانیای (Sony Creative Software) دووبارە بەرهەم هێنرایەوەو خاوەندارێتی بەرنامەكەی كڕی ، بەرنامەی سۆنی ڤێگەس هاوشێوەی بەرنامە گرافیكیەكانی تر پێویستی بە هاردویری بەرز هەیە هەتا بتوانرێت بەگەڕ بخرێت بەلام هەردەرچوێكیش لەگەڵ یەكێكی تردا جیاوازە .

ڤێرژنەكانی بەرنامەی سۆنی ڤێگەس و تایبەتمەندیەكانی :

یەكەم دەرچووی لە ساڵی 2007 دا بەناوی (Vegas Pro 8.0) بەرهەم هێناوە : ئەم دەرچووە لەسەر سیستەمی ئیكس پی لەهەمان كاتیشدا لەسەر ویندۆزی ڤیستا دەتوانرا بەگەڕ بخریت و لە ئێستاشدا پشتیوانی هەموو دەرچوەكانی ویندۆز پاش ڤێستا دەكات ، لەم دەرچوەدا كە لە ژێر ڕاسپارەدەی ئەم كۆمپانیا نوییەدا بوو كە پێشتر باسم كرد پێشكەوتنێكی ئێجگار گەورەی بەخۆوە بینی كە بەراستی زیاتر لە 100 كێشەی دەرچوەكەی پێشووی چارەسەركردبوو لەگەڵ زیاد كردنی زیاتر لە 30  تەكنیكی نوێ بۆ بەكارهێنانی بەرنامەكە .

گرنگترین گۆڕانكاری لە پیشاندەری بەرهەمەكە كراوە بە ناوی (Show Video Monitor) كەبەمەبەستی بەكارخستن و پیشاندانی ئەو بەرهەمە بەكاردیت كاتێك بتەویت دەرئەنجامی گۆرانكاریەكە ببینیت لە بەرنامەیەكی دەرەكیەوە ، لەبەرنامەكەشدا ئامرازی (Video Preview window) ئەم پیشاندەرە بە شێوەیەك پێشخرا كە دەتوانرێت بە ویستی بەكارهێنەر شوینەكەی ئاڵوگۆر پی بكرێت و تەنانەت لە قەبارەی گەورەو بچوكی نیشاندەرەكەش ئەگەر ڕازی نەبیت پێ ی دەتوانیت بە پراوپری شاشەكە كار بە تاقیكاریەكەی بكەیت .

كوالیتی ڤیدیۆیی لەم دەرچووەدا بۆ (1920×1080) بەرزكراوەتەوە ، تایبەتمەدی دەنگیش بە (AC-3) ڕێكدەخرێت تێیدا ، سەرباری توانای زیادكردنی ڤیدیۆ بە كوالیتیە جیاوازەكانی وەك (3gp) و (mp4) .

لە كاتی پاراستنی بەرهەمی ئەم بەرنامەدا یاخود ئێكسپۆرتكردنیدا پشتگیری تەواوی بەرهەمەكانی ستۆرەیج كراوە ، بۆ نمونە بە كوالیتی سی دی و دی ڤی دی و تەنانەت بلوڕەی پاڵپشت كراوە، هەربۆیە بەكارهێنەر ڕاستەوخۆ دەتوانێت بەرهەمەكەی بۆ ئەو سێ هۆكارە كە زۆر گرنگن لە تەكنیكی میدیاییدا بنێرێت .

دووەم دەرچووی لە ساڵی 2009 دا بەناوی (Vegas Pro 9.0) بەرهەم هێناوە : لەم دەرچووەدا بەشێكی زۆر لە كێشەكانی دەرچووی یەكەم واتا (Vegas Pro 8.0) تێدا چارەسەر كراوە زیاتر كار لە سەر توانای خیرایی كاركردنی بەرنامەكە ، بۆ نمونە لەم دەرچووەدا كاركردن و هێنانی فایلی جۆری (AVI) بۆ ناو كاری بەرنامەكە ئێجگار خێرا كراوە كە لە دەرچووی پێشودا خاو ئەم كارەی ڕادەپەراند هەروەها تێكەڵكردنی وێنە بە شریتە ڤیدیۆییەكە ئاسان كراوە و پشتگیری جۆری وێنەیی (PSD)  كراوە تێیدا كە بەرهەمی پرۆژەی فۆتۆشۆپە و كوالیتی وێنەو تێكستی نوسراو تێیدا بەرزترین ئاستی هەیە ، ئەم كارەش وەك ژێرنووس و تایتڵ و لۆگۆ لە ناو پرۆژەكەدا كاریگەری هەر زۆر باشی دروست كرد هەتا بتوانرێت هاوشانی بەرهەمە ڤیدیۆییەكە لە كوالیتیدا لۆگۆ و تێكست پێكەوە تێكەڵ بكرێن

پاش دەرچوونی ئەم ڤێرژنە لە بەرنامەی سۆنی ڤێگەس و هەر لە ساڵی 2009 دا كۆمپانیای سۆنی كۆمەڵێك ئیفێكتی زۆر بە توانای كڕی و كردی بە بەشێك لە توانای بەرنامەكە ، تایبەتمەندی (White balance) لە لیستی (Video FX) زیادكرا كە بەڕاستی توانایەكی هەر زۆر باش دەدات بە بەرنامەكە لە رونكردنەوەو زاڵكردنی ڕەنگی سپیدا بەسەر ئەو پرۆژەیەدا كە ڕەنگێكی تاریكی هەیە ، بۆ نمونە لە ڕێگای ئامرازی (White balance) دەتوانین ڕۆژیكی تەم و مژاوی بگۆڕین بە ڕۆژێك كە كەش و هەوا هەر زۆر ئاسایی بێت ئەم كارەش لە ڕێگای دوو ئامرازی شێوە ڤۆلیومەوەیە .

سێیەم دەرچووی لە ساڵی 2010 دا بەناوی (Vegas Pro 10.0) بەرهەم هێناوە : ئەم دەرچووەش تەواو لەگەڵ سەردەمەكەدا گونجاو بوو چونكە ڕاستەخۆ پشتگیری ڤیدیۆیی سری دی كرد كە تا ئەو كاتە هیچ بەرنامەیەك لە توانای دا نەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە لە ڤیدیۆدا بكات و وەك خۆشی بە هەمان تایبەتمەندیەوە بیپارێزێتەوە ، هاوشێوەی (Video FX) كە مامەلەی لەگەڵ روی وێنەییدا دەكرد تەكنیكی (Audio Event FX) بنیات نرا تێیدا بۆ ئەوەی بتوانرێت تایبەتمەندی و كاریگەری نمونەیی بەسەر بەرهەمە دەنگیەكاندا بسەپێنێت .

مامەڵەكردنی ئەم بەرنامەیە بەشیكی پەیوەندی بە گرافیكەوەیە ، هەربۆیە لەم دەرچووەدا زیاتر بایەخی بەم لایەنە داوەو پاڵپشتی كارتی شاشەی (NVIDIA) و (AMD) بەشیوەیەكی باشتر كردوو تایبەتمەندی ئەم كارتانەی لەبەرچاو گرت و هاوشان بەتوانای ئەوان هاوكاری توانای (Graphics Processing Unit (GPU)) بوو تا لەلایەن بەكار‌هێنەری بەرنامەكەوەڕوبەڕوی كێشەی هاردوێری نەبێتەوە

چوارەم دەرچووی لە ساڵی 2011 دا بەناوی (Vegas Pro 11.0) بەرهەم هێناوە : خێرایی كاركردن لەم دەرچووەشدا یەكیكە لە كارە هەرە گرنگەكان كە بایەخی پێدراوە ئەو هەنگاوەی لە دەرچوی پێشودا كە نرابوو بۆ ڕێك خستنی كارت شاشەو تواناكەی لەگەڵ بەرنامەكەدا لەم دەرچووەدا زیاتر كاری لەسەر كرابوو هەر بۆیە خیراتربوو لە مامەڵكردن لەگەڵ پرۆژەكاندا ، هەر لەم ڤێرژنەدا چەند ئامرازێكی بەتوانای جیاواز دابین كراوە وەك (Text tools) بۆ نووسینی ئاسایی و (NewBlue Titler Pro) بۆ نووسینی سری دی ئەم دوو ئامرازە یاەیدەدەرێكی ئێجگار باشن هەتا بەكارهێنەر ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ ئەو تێكستانەدا بكات كە لەناو ڤیدیۆكەدا دایان دەنێت وەك تایتڵ و ژیرنووس بەتەواوی پشتگیری نووسینی ڕاست بۆ چەپیسی بۆزیادكرا  .

فلتەری (Stereoscopic 3D) زیاد كرا بەمەبەستی چاكسازیكردن لەبەرهەمی ڤیدیۆیی سری دیدا كە رەوەنەقی پرۆژەكەی پێ باشتر دەكرێت ، هاوكات فلتەری (Stabilization FX) تێدا زیاد كرا بەمەبەستی چاكسازی كردن لەو بەرهەمی ڤیدیۆییدا كە تێكەڵ بە پرۆژەكە دەكرێت ، ئەم فلتەرە وا لە ڤیدیۆكە دەكات جێگیربیت و هیچ جۆرێك جوولە نەكات ، چونكە هەندێك جار ئەو كەسەی ئامێری تۆماركردنی ڤیدیۆی پێیە لەسەر دەستی یان شانی ڕایدەگرێت و پەنا بۆ ئامرازی جێگیر نابات ئەم كارەش جۆرێك لە لەرزەو جولە دەدات بە بەرهەمە تۆماركراوەكە ، ئەم فلتەرە ئەم كارەش چارەسەر دەكات .

پێنجەم دەرچووی لە ساڵی 2012 دا بەناوی (Vegas Pro 12.0) بەرهەم هێناوە : ئەم دەرچوە پاڵپشتی لە ویندۆزی (64-bit) و (32-bit) دەكرد و مەبەست لە چاكسازیكردن بوو لە توانای خێرایی بەرنامەكەدا ، چونكە لەسەرەتای ساڵی 2012 دا بەیەكجاری هاردوێرەكان گەشەكردنێكیان خێرایان بەخۆیانەوە بینینی و زۆربەی هەرە زۆری بەكارهێنەرانی ویندۆز پەنایان بۆ ویندۆزی (64-bit) برد هەتا خێراتر بتوانن لەگەڵ بەرنامەكاندا مامەڵە بكەن .

كۆتا دەرچووی لە ساڵی 2013 دابوو بە سێ بەرنامەی جیاواز بەڵام لەم دەرچوانەدا كە تا ئێستاش هەر بەردەوام كاری لەسەر دەكات و چەندین بەرنامەی هاوشێوەی لەسەر هەمان تەكنیك بەرهەم هێناوە بەلام باسەكەی ئێمە لەسەر بەرنامەی سۆنی ڤێگەسە هەربۆیە ئەم بەرنامەكە ئێستا بووە بە سێ بەشەوە كە هەر یەكێكیان بۆ مەبەستێك و بەتوانای جیاواز و بە نرخی جیاواز بەردەستن ، بەرنامەكە لە ئێستادا تەواو بەتوانایەو هیچ بیانوێك نیە هەتا بەكارهێنەر بتوانێت لێ ی پەشیمان بێتەوە لەبەكارهێنانیدا ، بەتایبەتی كاتێك توانای پشتیوانی بەرهەمەكانی ئەدۆب بكات وەك هەردوو بەرنامەی ناوداری(Adobe After effects) و (Adobe Premiere) كاتێك پرۆژەكەی بە پاشگری ئەو بەرنامانە ئیكسپۆرت دەكرێت و دەتوانرێت لەوێوە گۆڕانكاری تری تێدا بكەیت پیس ئەوەی بە یەكجاری پرۆژەیە بنیات بنێیت  .

هەرسێ دەرچوەكەی لەتوانادا زۆر لە یەك جیاوازن بە سێ ناوی جیاواز بەردەستن ئەوانیش :

یەكەم (Vegas Pro 13 Edit) : ئەم دەرچووە تا ڕادەیەك توانای تەواوەتی بەرنامەكە نادات بە دەستەوە بەڵكو پێك هاتەیەكی سادەی لە بەرنامەكە تێدایە و ناكرێت بە بەكارهێنانی ئەم دەرچوە هەموو تایبەتمەندیەكان بەكاربهێنیت ، بو كورتی دەرچوێكی سمپڵەو لە نرخدا زۆر هەرزانترە بە بەراورد بە دوو دەرچوەكەی تر لەتوانادا لاوازە .

دووەم (Vegas Pro 13) : كە هەر هەمان توانای دەرچووی پێشووی هەیە (Vegas Pro 12.0) بەڵام بەكۆمەڵێك نوێكاریەوە و خێراترە لە كاركردندا ، وەك هەنگاویكیش بەرەو بەرهەمەكانی ئەپڵ توانراوە بەرنامەیە بۆ پەیوەست بوون بە ئایپادەوە بنیات بنرێت و دەكرێت سۆنی ڤێگەسی پێوە پەیوەست بكرێت .

سێیەم (Vegas Pro 13 Suite) : ئەم دەرچووە ئێجگار گرانە ، بەڵام توانای بە دوو دەرچوەكەی تر بەراورد ناكرێت چونكە نمونەی باشترین بەرنامەیە لە بواری بەرهەمی ئیدیدتین و كاری گرافیكیدا ، بەجۆرێك هەندێك كەس پێیان وایە فایناڵ كەت كەلەماكدا سەرمەشقی مۆنتاژی لێ سەنراوەتەوە بۆ سۆنی ڤێگەس ، هەرچۆن بێت ئەم دەرچووە لە بەراورد كردن بە دەرچوی پێشخۆشیدا هەر زۆر خیراترو پێشكەوتوو ترە ، چونكە چەندین فلتەرو ئیفێكتی نوێ ی تێدا دابین كراوە ، سەرباری تایبەتمەندیەك بۆ مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆی بەرنامەكە لە گەڵ كۆمپاكت دیسكدا هەتا بتوانرێت لە كاتی ئیكسپۆرتكردندا بە ویستی بەكارهێنەر تایبەتمەندی دەست پێكردن و كاركردنی و تراك كردنی بپارێزرێت .

  به‌سوپاسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌:l4kurd.com

 _________________________________

You may also like...