ته‌فسيری سوره‌تی الفاتحه‌

v7guf5

.

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (1)

الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (2) الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (3) مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ (4) إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ (5) اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (6) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ (7)

سوره‌تى الفاتحه

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

به‌ناوى خوداى به‌خشنده‌‌و میهره‌بان ، به‌ناوى ئه‌و زاته‌ى كه‌ كانگاى دلۆڤانى و سۆزو میهرو ڕه‌حمه‌ته‌، سۆزى له‌ دنیادا گشتگیره‌ و هه‌موو مرۆڤایه‌تى له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا گرتۆته‌وه‌  به‌ڵام له‌ قیامه‌تدا ته‌نها تایبه‌تى كردووه‌ بۆ ئیمانداران و  خواناسان

الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

سوپاس‌و ستایشى بێ سنوور بۆ ئه‌و خوایه‌ى كه‌ په‌روه‌ردگارى هه‌موو جیهانه‌كانه‌، جیهانى مادیات‌و مه‌عنه‌ویات، جیهانى ئاسمانه‌كان‌و زه‌وى، جیهانى فریشته‌و په‌رى‌و ئاده‌میزاد‌و جنۆكه‌،جهانى گیاندارو گیا‌و دارو ماڵات‌و مارو مێرو…………. جیهانى هه‌موو شتێك

الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

به‌خشنده‌و میهره‌بان، به‌سۆزو دلۆڤان، كانگاى هه‌موو به‌زه‌ییه‌كان…ره‌حمه‌تى پێش خه‌شم‌و توڕه‌بوون‌و قینى كه‌وتووه‌، ره‌حمه‌تى كردووه‌ به‌ سه‌د به‌شه‌وه‌، ته‌نها به‌شێكى به‌سه‌ر زه‌ویداپه‌خش كردۆته‌وه‌، ئه‌و هه‌موو ره‌حمه‌ت‌و سۆزه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان دایك‌و باوك‌و رۆڵه‌كانیاندا له‌نێوان براو خوشكاندا، له‌نێوان ژن‌و مێرددا، له‌نێوان جیهانى باڵنده‌و ئاژه‌لأ‌و سه‌رجه‌م دروستكراواندا… له‌و به‌شه‌ ڕه‌حمه‌ته‌یه‌.
داخۆ نه‌وه‌دونۆ به‌شه‌كه‌ى كه‌ بۆ ئه‌و جیهان ته‌رخانى كردووه‌ چه‌نده‌ زۆرو فراوان‌و بێ سنوور بێت، ئێمه‌ به‌م ستایشه‌ى په‌روه‌ردگارمان هیوادارین نائومێد نه‌بین له‌ ڕه‌حمه‌ت و سۆزو میهرى ان شا‌و الله

مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ

ئه‌و خوا مه‌زن‌و ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ دلۆڤانه‌ى خۆیمان پێده‌ناسێنێت، خاوه‌ن‌و پادشاى رۆژى قیامه‌ته‌، ئه‌و رۆژه‌ى كه‌ ئه‌و زاته‌ له‌ دین‌و ئاین‌و به‌رنامه‌و بیروبۆچوونى خه‌ڵكى ده‌پرسێته‌وه‌، ئه‌و رۆژه‌ كه‌س بۆى نیه‌ پاكانه‌ بكات، كه‌س ناتوانێت شایه‌تى درۆ بدات، ئه‌و رۆژه‌ خواى گه‌وره‌ مۆر ده‌نێت به‌سه‌ر ده‌مى خوانه‌ناساندا، ده‌ستیان، قاچیان، پێستیان، دێته‌گۆ. هه‌روه‌كو چۆن خواى گه‌وره‌ له‌ دنیادا توانیویه‌تى نایلۆن‌و ماده‌كان له‌ شریت‌و سى دى‌و میمۆرى‌و هارده‌كان بهێنێته‌ گۆ…

إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ

خوایه‌ گیان! ئێمه‌ هه‌ر تۆ ده‌په‌رستین، سه‌رى رێزو نه‌وازش هه‌ر بۆتۆ داده‌نه‌وێنین، كڕنوش‌و سوژده‌ هه‌ر بۆ تۆ ده‌به‌ین، هه‌روه‌ها پشت‌و په‌نامان هه‌ر تۆیت، داواى یارمه‌تى هه‌ر له‌ تۆ ده‌كه‌ین، كۆمه‌كى‌و هێز‌و توانا،  هه‌ر له‌ تۆ ده‌خوازین

اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ

خوایه‌ گیان! هیدایه‌تمان بده‌ بۆ سه‌ر رێگه‌ى راست‌و دروست، رێگه‌ى خواناسى‌و دیندارى، رێگه‌ى به‌هه‌شت، رێگه‌ى سه‌رفه‌رازى‌و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر نه‌فس‌و شه‌یتاندا، رێبازى رێك‌و ره‌وان بۆ به‌ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندى تۆ

صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ

رێگه‌و رێبازى ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ نازو نیعمه‌تى ئیمان به‌هره‌مه‌ندت كردوون، له‌ نازو  نیعمه‌تى ئیسلام به‌هره‌وه‌رت كردوون، له‌ دنیادا ئاسوده‌و شادت كردوون به‌ نورى ئیمان، له‌ قیامه‌تیشدا شادیان ده‌كه‌یت به‌ به‌هه‌شتى به‌رین‌و ته‌ماشاكردنى روخسارى پڕ له‌ نورو شكۆمه‌ندو رازاوه‌ى زاتى پیرۆزى خۆت.
نه‌ك رێبازى ئه‌وانه‌ى كه‌ خه‌شم‌و قینت لێگرتوون له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ رێبازى تۆ لایانداوه‌، دنیاپه‌رستن، سته‌م له‌ مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن، دژایه‌تى ئاینه‌كه‌ت ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها مه‌مگێڕه‌ له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ گومڕاو سه‌رلێشێواون، هه‌وڵناده‌ن بیربكه‌نه‌وه‌، رێبازى راستیى بدۆزنه‌وه‌، له‌م سه‌رده‌مى زانست‌و زانیارى‌و پێشكه‌وتنه‌دا هه‌ندێ له‌ پێغه‌مبه‌رانى خوا به‌ كوڕى خوا ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م!!
یاخود بت‌و گاو مانگاو شه‌یتان و جۆره‌ها بت ده‌په‌رستن، یاخود بێباوه‌ڕن‌و ئاره‌زوو حه‌زه‌ ناپه‌سه‌نده‌كانى خۆیان كردووه‌ به‌ خواى خۆیان.
ئامین.
واته‌:خوایه‌ گیان ئه‌م سوپاس‌و ستایش‌و نزایه‌م لێوه‌ربگره‌.
له‌ فه‌رموده‌یه‌كى قودسیدا هاتووه‌ ، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : من نوێژم له‌ نێوان خۆم و به‌نده‌ى خۆمدا به‌ش كردووه‌ ، كاتێ كه‌ به‌نده‌م ده‌ڵێت )الحمد لله رب العالمین( ، من لاى فریشته‌كان شانازى پێوه‌ ده‌كه‌م و ده‌ڵێم : سه‌یركه‌ن ئه‌و عه‌بده‌م له‌و سوچه‌ى زه‌ویه‌كه‌مدا سوپاس و ستایشم ده‌كات و به‌ په‌روه‌ردگارو خاوه‌نى هه‌موو جیهانه‌كانم ده‌زانێت .كاتێك ده‌ڵێت ( الرحمن الرحیم) خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت ئه‌وه‌ته‌ به‌نده‌م ستایش و وه‌سفم ده‌كات ، كاتێك ده‌ڵێت (مالك الیوم الدین ) خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت ئه‌وه‌ته‌ به‌نده‌م به‌خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتم ده‌زانێت ، كاتێك ده‌ڵێت ( ایاك نعبدوایاك نستعین ) خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت به‌نده‌م راست ده‌كات ، ئه‌وه‌ته‌ هه‌ر من ده‌په‌رستێت و هه‌رمن به‌ پشتیوان ده‌زانێت ، كاتێك ئایه‌تى (6 ، 7 ) ده‌خوێنێت ، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ئه‌وه‌ بۆ به‌نده‌م ، هه‌رچى داوا بكات پێى ده‌به‌خشم ، پێغه‌مبه‌ریش (صلی) به‌گه‌وره‌ترین و پیرۆزترین سوره‌تى قورئان ناوزه‌ندى فه‌رمووه‌ .

 _________________________________

You may also like...