دڵ پێویستی بەمانە هەیە
دڵ وەكو گرنگترین ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ دەبێت بایەخێكی زۆری پێبدرێت، هەندێك جۆری خواردن هەیە دەبێت بۆی دابین بكرێت ئەوەش تاكو لەو ڕێگەیەوە ئەركەكانی خۆی بەچاڵاكییەكی زۆرەوە دابین بكات.
1. پرتەقاڵ : پەستانی خوێن و كۆلیستڕۆڵ كەم دەكاتەوە، پڕتەقاڵ جۆرە ڕیشاڵێكی تێدایە كە پێی دەگوترێت پێكتین، ئەم جۆرە ڕیشاڵە وەك ئیسفەنجێك كار دەكات لە ڕیخۆڵەداو ڕێگری دەكات لەوەی ئەو كۆلیسترۆڵەی لە خۆراكدا هەیە هەڵبمژرێت بۆ ناو خوێن، پڕتەقاڵ سەرچاوەی پۆتاسیۆمیشە ئەمەش باڵانسی خوێ دەكات لە لەشداو پەستانی خوێن كەمدەكاتەوە.
2. سیر : ڕێژەی ئەنزیمێك كەمدەكاتەوە كە پێی دەگوترێت (ئەنجیۆتێنسین) كە ئەركی تەنگكردنەوەی خوێنبەرەكانە، ئەم كەمكردنەوەیەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی بەرزی پەستانی خوێن، لەوەش گرنگتر سیر گەشەسەندنی توێژاڵە پەڵەی چەوری ناو خوێنبەرەكان كەمدەكاتەوە كە دەبێتە هۆی تەسككردنەوەی خوێنبەرەكان و ڕێگری دەكات لە تێپەڕبوونی خوێن بە ناویاندا.
3. نیسك : جگە لەوەی سەچاوەیەكی باشی ڕیشاڵە، سەرچاوەیەكی باشی فۆڵەیت و پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆمە، كەواتە نیسك ڕۆڵی هەندێ دەرمان دەبینێت كە كار لەسەر بلۆك كردنی كەناڵەكانی كالیسیۆم دەكەن بەمەش نیسك دەتواندرێت لە بری ئەو دەرمانانە بەكاربێت بۆ كەمكردنەوەی پەستانی خوێن.
4. بادەم : ڕێگری لە هەڵمژینی كۆلیسترۆڵ دەكات بۆ ناو خوێن و هەروەها كاریگەرییەكی باشی هەیە دژ بە ناڕێكی لێدانی دڵ كە حاڵەتێكی كوشندەیە، دەتوانیت لەگەڵ بادەمدا فستق و گوێزیش بخۆی كە هەمان سودیان هەیە.
5. هەنار : خواردنی هەنار دەبێتە هۆی كارا كردنی ئەنزیمێك كە دەبێتە هۆی تێكشكاندنی ئەو كۆلیسترۆڵانەی ئەكسیدەیان كردووە. كاتێك كە كۆلیسترۆڵ ئەكسیدە دەكات لە دیواری خوێنبەرەكاندا كۆدەبێتەوەو دەبێتە هۆی دروست بوونی توێژاڵە پەڵەو ڕەقبوونی ئەو خوێنبەرانە، كە لە كۆتاییدا دەبێت هۆی كەمكردنەوەی تیرەی ئەو خوێنبەرانەو كەمكردنەوەی ئەو بڕە خوێنەی پێویستە بیگوازنەوە.
………………….
سهرچاوه:kurdiu.org
_________________________________