ئایا كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت خاوه‌؟ چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی بخوێننه‌وه‌

 
ئایا به‌رده‌وام كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت خاوه‌ و خێرایی كه‌مه‌، ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ نیگه‌رانت ده‌كات؟ زۆر به‌رنامه‌ هه‌ن كه‌ كۆمپیوته‌ره‌كان خێرا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی نین، به‌ڵكو له‌م ڕێگه‌یه‌ی له‌ خواره‌وه‌ پێتان ئاشنا ده‌كه‌ین، به‌ ته‌واوی له‌ خاوی و كه‌می خێرایی كۆمپیوته‌ره‌كانتان دوورتان ده‌خاته‌وه‌.
 
هۆكاری سه‌ره‌كی خاوی و كه‌مبوونه‌وه‌ی خێرایی كۆمپیوته‌ره‌كانتان بۆ هاردی كۆمپیوته‌ره‌كانتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێ Hard Disk Drive كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك چینی موگناتیسی بازنه‌یی پێك هاتووه‌ و له‌گه‌ڵ بزوێنه‌رێك كه‌ داتا و زانیارییه‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌.
 
ڕێگه‌ی كاركردنی هاردیسكی كۆمپیوته‌ر كه‌ به‌ دڵی كۆمپیوته‌ر داده‌نرێ، خۆی له‌ خولانه‌وه‌ی بزوێنه‌ری سه‌ر چینه‌ موگناتیسییه‌ زۆره‌كان ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ نێو هاردی كۆمپیوته‌ره‌كه‌تدا هه‌ن، بۆیه‌ كاتێك كلیك له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك یان فۆڵده‌رێك ده‌كه‌ن، بزوێنه‌ره‌كه‌ به‌ سه‌ر چینه‌ موگناتیسییه‌كه‌ ده‌خولێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داتاكانی بدۆزێته‌وه‌ و كاری پێ بكات، ئه‌گه‌ر خێرایی ئه‌و بزوێنه‌ره‌ كه‌م بێ له‌ دۆزینه‌وه‌ی داتاكانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، ئه‌وا كۆمپیوته‌ره‌كه‌تان خاو و ته‌واو هێواش ده‌بێ. به‌ڵام هه‌رچه‌ند خێرایی بزوێنه‌ره‌كه‌ی سه‌ر په‌پكه‌ موگناتیسییه‌كان زیاتر بێ، ئه‌وا خێرایی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ زیاتر و زیاتر ده‌بێ.
 
چاره‌سه‌ر چییه‌؟ یه‌كێك له‌ ئاسانترین چاره‌سه‌ره‌كان گۆڕینی هاردیسكی كۆمپیوته‌ره‌كانتانه‌ به‌ جۆرێكی تر كه‌ پێی ده‌گوترێ Solid State Drive ئه‌مه‌یان به‌ بێده‌نگی و به‌خێرایییه‌كی زۆر كاره‌كانی خۆی ده‌كات، چونكه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چینی موگناتیسی و بزوێنه‌ر پێك نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو له‌ خانه‌ی ئه‌لیكترۆنی دروست كراوه‌ كه‌ داتاكانی تێدا خه‌زن ده‌كرێ. به‌ دانانی ئه‌م جۆره‌ هارد درایڤه‌، ئه‌وا خێرایی كۆمپیوته‌ره‌كانتان 10 جار له‌ خێرایی كۆمپیوته‌رێكی نوێ و بێ كێشه‌ زیاتر ده‌بێ.
 
ئه‌م جۆره‌ نوێیه‌ی هاردیسك كه‌ به‌ SSD ناسراوه‌، له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانی كینگستۆن و ترانسیند و ساندیسك و سیگیت دێنه‌ به‌رهه‌م و فه‌راهه‌م كراون، هاردێكی 240 گێگابایتی به‌ نرخی ته‌نیا 90 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌.
 

You may also like...