رۆبۆته‌ هه‌نگێك داهێنرا

قوتابییه‌كی ئه‌مه‌ریكایی ته‌مه‌ن 24 ساڵ، هه‌ستا به‌ داهێنانی فڕۆكه‌كه‌یه‌كی بچووك كه‌ ده‌توانێت یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی هه‌نگ ئه‌نجام بدات و ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ لێدانی ڤاكسین له‌ گوڵ.
 
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێك كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ "سی ئێن ئێن" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئانا هالدیوانگ كه‌ قوتابیی كۆلێژی ساڤانایه‌ بۆ هونه‌ر و دیزاین له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا له‌ ئه‌مه‌ریكا، توانیویه‌تی به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ دروست بكات و ناویشی لێ ناوه‌ "Plan Bee" كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌نگێكی رۆبۆتی و له‌ رێگه‌ی ئامێرێكی هۆشمه‌نده‌وه‌ كار ده‌كات و له‌ توانایدایه‌، له‌ بری هه‌نگێكی راسته‌قینه‌، هه‌ستێت به‌ كوتینی گوڵ و رووه‌كه‌ جۆراوجۆره‌كان و پێكهاته‌ی یه‌كێكیان بۆ یه‌كێكی تر بگوازێته‌وه‌.
 
هالدیوانگ له‌باره‌ی داهێنانه‌كه‌یه‌وه‌ رای گه‌یاندووه‌، دوای ئه‌وه‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی بۆ هاتووه‌ كه‌ مامۆستاكه‌ی داوای لێ كردووه‌ بیرۆكه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌پێدانی رووه‌ك پێشكه‌ش بكات، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی 50 دانه‌ی دروستكراوی بیرۆكه‌كه‌ش، دواجار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م نموونه‌یه‌ی ئێسته‌.
 
جێی ئاماژه‌یه‌"Plan Bee" یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زار و 600 پڕۆژه‌یه‌ی كه‌ هه‌موو سێ مانگ جارێك كۆلێژی ساڤانا بۆ هونه‌ر و دیزاین پێشكه‌شیان ده‌كات و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، هه‌وڵ ده‌دات بیانخاته‌ كار و به‌بازاڕیان بكات.

You may also like...