چوومه‌ لاى چه‌ند پزیشکێک ووتم ئه‌توانن کارێک بکه‌ن که‌ هیچ کات نه‌مرم

مردن
چوومه‌ لاى چه‌ند پزیشکێک ووتم ئه‌توانن کارێک بکه‌ن که‌ هیچ کات نه‌مرم،،
.
چوومه‌ لاى چه‌ند پزیشکێک ووتم ئه‌توانن کارێک بکه‌ن که‌ هیچ کات نه‌مرم،،
له‌ پارکێکى ناوه‌راستى شار دانیشتبووم،، کووڕێکى نزیکه‌ى 30 ساڵ هاته‌ ته‌نیشتمه‌وه‌و دانیشت.. به‌ جیاوازى هه‌ڵسوکه‌وت و ڕووخسارى زانیم که‌ پێ ئه‌چێت کێشه‌یه‌کى هه‌بێت ..
دواى ئه‌وه‌ى که‌مێک دانیشت، ڕووى کرده‌ من و پرسى: “ئه‌کرێ پرسیارێک له‌ جه‌نابت بکه‌م؟؟”
وه‌ڵامم دا: “به‌ڵێ فه‌رموو..”
ووتى: “من ئه‌مرم..!”
به‌ سه‌رسووڕماویه‌وه‌ سه‌یرێکیم کرد،، هه‌ستم کرد نه‌خۆشیه‌کى هه‌یه‌و پێ ئه‌چێ به‌هۆى ئه‌و نه‌خۆشیه‌وه‌ کۆتایى به‌ ژیانى بێت،، بۆیه‌ ووتم: “ماناى چیه‌؟؟ بۆ وا ئه‌ڵێى؟؟ هه‌ر ده‌ردو نه‌خۆشیه‌ک چاره‌سه‌رێکى هه‌یه،، له‌م ووڵاته‌ پزیشکى باش هه‌ن…”
نه‌یهێشت قسه‌که‌م ته‌واو که‌م ووتى: “نه‌ کاکه‌ نه،،، هه‌موو پزیشکه‌کان یه‌ک قسه‌ ئه‌که‌ن و هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان که‌ ئه‌مرم..”
ووتم: “باشه‌ خه‌م مه‌خۆ.. خوا که‌ریمه..”
به‌ په‌له‌ سه‌یرێکى کردم و ووتى: “ئه‌گه‌ر بمرم یان نه‌مرم هه‌ر خوا که‌ریمه‌..”زانیم که‌ مرۆڤێکى تێگه‌یشتووه‌و ناکرێ به‌و قسانه‌ له‌ خه‌مه‌کانى دڵى که‌م که‌مه‌وه‌..
بۆیه‌ ووتم: “تۆ ڕاست ئه‌که‌ى،، ئێستا پرسیاره‌که‌ت چیه؟؟”
ووتى: “له‌و کاته‌وه‌ که‌ زانیومه‌ ئه‌مرم زۆر خه‌مبار بووم،، ماوه‌یه‌ک له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌ئه‌هاتمه‌ ده‌ره‌وه،، به‌ڵام دوایى بڕیارمدا بێمه‌ ده‌ره‌وه‌و وه‌کو جاران ژیانى ئاسایى خۆم درێژه‌ پێ بده‌م تا ئه‌و ڕۆژه‌ى ئه‌مرم.. زۆر له‌ گه‌ل خه‌ڵکدا چاکه‌م ده‌کردو یارمه‌تى فه‌قیرم ئه‌دا،، گوێم نه‌ده‌دایه‌ تووڕه‌بوونى خه‌ڵک و مامه‌ڵه‌ى خۆم له‌گه‌ل هه‌موو که‌س گۆڕى… به‌ کورتى من زۆر گۆرام و هه‌ستم ئه‌کرد جیاوازم له‌ هه‌موو خه‌ڵک،، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى من بڕیاربوو بڕۆم و که‌سیش ئاگاى له‌ دۆخى من نه‌بوو..” دوایى دیسان هه‌ناسه‌یه‌کى قووڵى هه‌ڵکێشاو ووتى: “ئێستا پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه‌، من به‌ هۆى مه‌رگه‌وه‌ هه‌نگاوه‌م به‌ره‌و چاکه‌ ناوه،، ئایا ئه‌مه‌ له‌ لاى خواى گه‌وره‌ په‌سنده؟؟”
ووتم: “به‌ڵێ،، ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریم هه‌بێ مرۆڤه‌کان تا ئه‌و کاته‌ى له‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌ بن،، خواى گه‌وره‌ تۆبه‌و چاکه‌کانیان قبووڵ ئه‌کات..” که‌ ئه‌م قسه‌یه‌م کرد سوپاسى کردم و به‌ خه‌نده‌یه‌که‌وه‌ هه‌ڵسایه‌ سه‌ر پێ و ماڵئاوایى لێ کردم و ڕۆیشت.. که‌ که‌مێک لێم دوور که‌وته‌وه‌ پرسیم: “نه‌تووت چه‌ندت کات هه‌یه؟؟”
ووتى: “دیار نیه‌،، له‌ نێوان یه‌ک تا هه‌زاران رۆژ،، نازانم چه‌ند..”
له‌ پڕ بیرێک به‌ خێرایى به‌ناو مێشکما تێپه‌ر بوو و له‌گه‌ل خۆم ووتم: “خۆ ڕاسته‌،، منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌رفه‌تم له‌ پێشه..”
دیسانه‌وه‌ پرسیم: “نه‌خۆشیه‌که‌ت چى بوو؟؟”
وه‌ڵامى دایه‌وه‌: “نه‌خۆش نیم..!”
به‌ سه‌رسووڕماویه‌وه‌ ووتم: “ئه‌ى چى؟؟!”
ووتى: “زانیم که‌ ڕۆژێک هه‌ر ئه‌مرم..! چوومه‌ لاى چه‌ند پزیشکێک ووتم ئه‌توانن کارێک بکه‌ن که‌ هیچ کات نه‌مرم،، وه‌ڵامیان دامه‌وه‌ نه‌خێر ،، له‌ هیچ شوێنێکى دنیا و هیچ پزیشک و زانایه‌کى دنیا ئه‌م شته‌ى پێ ناکرێت… گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر ئه‌م دنیایه‌ به‌جێ ئه‌هێڵێن،، جیاوازى چیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر کاتێک بێ..؟”
ئه‌مه‌ى ووت و ڕۆیشت… بیرم کرده‌وه‌ که‌ به‌راستى مرۆڤ بێ ئه‌وه‌ى ئاگاى له‌ خۆى بێت،،، زۆر له‌ مردن نزیکه

 _________________________________

You may also like...