فەیسبووك 500 ملیۆن دۆلار سزا دەدرێ
دادگایەكی ئەمەریكا كۆمپانیای "ئۆكیلیۆسی"ی سەر بە كۆمپانیای فەیسبووكی بە 500 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی سزا دا، لەسەر كەیسی پێشێلكردن و دزینی خاوەنداری بیرۆكەی داهێنان.
بڕیارەكەی دادگا لە بەرژەوەندی كۆمپانیای "زینی ماكس" یەكلا بووەوە دوای ئەوەی كۆمپانیای "ئۆكیلیۆسی" سەر بە فەیسبووكی تۆمەتبار كرد، بە بردنی یەكێك لە داهێنانەكانی ئەو كۆمپانیایە كە نهێنی سەرمایەگوزاری ئەو كۆمپانیایە بووە.
دادگا سزاكەی بەسەر بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای كۆمپانیای "ئۆكیلیۆس" سەپاند، كە كارمەندێكی كۆمپانیای فەیسبووكە و كۆمپانیاكەش سەر بە فەیسبووكە و تایبەتە بە دروستكردنی چاویلكەی زیرەك.
بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای كۆمپانیای ئۆكیلیۆس، پێشتر لە كۆمپانیای زینی ماكس كاری كردووە و بەو هۆیەوە بیرۆكەی ئەو كۆمپانیای بۆ كۆمپانیای ئۆكیلیۆس هێناوە.
بەڕێوەبەری پرۆسەكانی كۆمپانیای فەیسبووك، شیرلی ساندبرگ بێ هیوابوونی لەو بڕیارەی دادگا پێشان دا و گوتی، پێویستە ئەو كارە یەكلا بكرێتەوە و جیاكاری لە بڕیاری دادگا نەكرێ، ئەمەش وەك ڕەخنەیەك بوو دژ بە دادگای ویلایەتی تەكساس.