ویكیلیكس هۆشداری دەداتە بەكارهێنەرانی چەند تۆڕێكی كۆمەڵایەتی

 
 
پێگەی ویكیلیكس رای گەیاند، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی CIA لە رێگەی هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەوڵی دزەكردنە ناو مۆبایلی هۆشمەند و كۆمپیوتەری بەكارهێنەران دەدات.
 
ویكیلیكس لە درێژەی ئاشكراكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكان، ئەم جارە هەستاوە بە ئاشكراكردنی ژمارەیەكی زۆر لە بەڵگەنامەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی CIA كە ئەوە بۆ یەكەم جارە ئەو ژمارە زۆرەی بەڵگەنامەی ئەو ئاژانسە ئاشكرا ببن.
 
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەش كە ویكیلیكس بڵاوی كردوونەتەوە، CIA  توانای ئەوەی هەیە كە بچێتە ناو تایبەتمەندییە كەسییەكان و كۆدی زانیارییەكانی بەكارهێنەرانی هەریەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەتسئەپ، تێلیگرام و سیگنەڵ بكاتەوە.
 
لە بەڵگەنامەكاندا ئەوە دەركەوتووە، لەو رێگەیەوە ئاژانسەكە دەتوانێت دزە بكاتە ناو مۆبایل و كۆمپیوتەری بەكارهێنەران و دەست بەسەر نامە و فایلە دەنگییەكانیاندا بگرێت و بچێتە ناو چاتەكانیشیانەوە.
 
لە بەرامبەردا دین بووید، گوتەبێژی فەرمیی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی، بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی راگەیاند، ئەوان كۆمێنت لەبارەی راستی و درۆیی ئەو بەڵگەنامە ئاشكراكراوانەوە نادەن.
 
ژمارەی ئەو بەڵگەنامانەی CIA كە پێگەی ویكیلیكس ئاشكرای كردوون، بریتییە لە حەوت هەزار و 818 لاپەڕە، لەگەڵ 943 پاشكۆ.

You may also like...