کچی کافرۆش کێیە؟ كێ ڕفاندی
کچی کافرۆش کێیە؟ كێ ڕفاندی
كیژەكەی كافرۆش”خەجیج” مۆنالیزای كورد، بەهۆی جوانییەكەی ئەفسەرێكی ئینگلیز لە هەولێر دەیڕفێنی و دەیبا بۆ بەریتانیا
(خەجیج جومعە مەولود شكاك) كە لەناو كوردان بە كیژەكەی كافرۆش ناسراوە، ساڵی 1934 لەو كاتەی كە تەمەنی لە كچێكی دوانزە ساڵیدا بەولاوە زیاتر نەبوو لە رێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە نزیك تەكیەی شێخ عەبدولكەریم لە شاری هەولێر، لە لایەن ئەفسەرێكی باڵای سوپای ئینگلیز كە ئەوكاتە ئێراق لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەوان دادەبێت، لە دوای چەند جارێك خوازبێنیكردن و وەرنەگرتنەوەی وەڵامێكی ئەرێنی لە لایەن باوكییەوە، لە رێگای گەڕانەوەی و جێهێشتنی دوكانی كافرۆشی باوكی بە چەند خولەكێك، دەڕفێنرێت. بە چەند مانگێكیش دوای رفاندنەكەی، باوكی خەجیج “كچی كافرۆش” پاش تۆماركردنی داواكەی لەلایەن بنكەی پۆلیسی جولەكەكان لە گەڕەكی تەعجیل ئاگادار دەكرێتەوە كە كچەكەی لە وڵاتی بەریتانیایە.
شێرزاد محەمەد، برازاكەی خەجیج درێژە بە قسەكانی دەدا و دەڵێ “باوكی خەجیج كە دەكاتە باپیرەی من، هەم سەركردەیەكی سەربازی و هەم هەڤاڵ و دۆستی سمایل ئاغا “سمكۆی شكاك”بووە، لە دوای بە ناهەق كوشتنی سمایل ئاغا لە لایەن رژێمی شاهەنشایی ئێران لە ساڵی1930 بە نائومێدی باروبنەی تێكدەنێ و ساڵی 1934 گوندی “گەنگەچین” لە رۆژهەڵاتی كوردستان جێدێڵێت و خۆی و كچ و كوڕە جمكەكەی “خەجیج و محەمەد” لەگەڵ دوو كچی سمكۆی شكاك “سافیە و سورمێ” لە هەولێر دەگیرسێنەوە.
كوڕە براكەی كچی كافرۆش دەڵێ، ئەو چی لە باوكی گوێ لێبووە ئەوەش بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە “باپیرم لە ساڵی 1934 بە پەناهەندەیی كەوتە ئێراق و لە شاری هەولێر گیرسایەوە، ئەو كاتە خەجیجی پوورم و براكەی كە باوكی منە هەردووكیان تەمەنیان دوانزە ساڵ بوو، چونكە جمكبوون و لە ساڵی1922 لە دایكببوون، جگە لەم دووانەش باپیرم هیچ منداڵێكی دیكەی نەبووە”.
ئەو برازایەی خەجیج دەڵێ، داپیرەم كە دەكاتە دایكی كچی كافرۆش بە بنەچە رووسی بووە، باپیرم لە دوای ژیانی هاوسەرێتیان ناوەكەی كردبووە “مەنیج” كە وەكو باوكم دەیگێڕایەوە ژنێكی باڵابەرزی پرچ زەردی چاوشینی سوروسپی و جوان بووە، بەڵام باپیرم ئەوی بەو نیازە لە گەنگەچین جێهێشتبوو كە لە هەولێر جێگیربێت و پاشان بگەڕێتەوە و ئەویش بهێنێتەوە لای خۆی، بەڵام دوای دوو مانگ لە هاتنیان بۆ هەولێر لە ساڵی1934 باپیرم بە نیازی هێنانی ئەویش بۆ هەولێر سەر لە گوندەكەی دەداتەوە، بەڵام داپیرەم نائومێدببوو گەڕابۆوە رووسیا”.
شێرزاد دەگەڕێتەوە سەرباسی پوورەكەی و هۆكاری ناونانەكەی بە كچی كافرۆش زیاتر رووندەكاتەوە و دەڵێ، لەبەر ئەوەش بە كچی كافرۆش ناسرابوو “باپیرم كە هاتە هەولێر هیچ كارێكی نەدەزانی و كەسیشی نەدەناسی، بۆیە دوكانێكی لە نزیك سینەما حەمرا بە كرێ گرتوو كای دەفرۆشت، لەپاڵ كافرۆشییەكەی قەسپی حەشرەیشی دانابوو، بۆیە ئەو خۆشناوانەی لە گوندەكانی سەرەوە ترێ و میوەیان دەهێنایە ناوشاری هەولێر هەموویان كایان بۆ وڵاغەكانیان لە جومعە كافرۆشی باپیرم دەكڕی”. هەرئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە خەجیجی كچی بەو ناوە بناسرێتەوە.
شێرزادی تەمەن پەنجا ساڵە كە تاقە یادگاری بنەماڵەی كچی كافرۆشە لە هەولێر، لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێ و لە باوكیەوە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو رۆژە دەكات كە خەجیجی پووری دەڕفێنن “باپیرم خانووێكی لە حەساری ماڵی شێخ عەبدولكەریم لە نزیك گۆڕستانی شێخ ئۆمەر بەكرێ گرتبوو، بەیانییەك دوای نانخوادن، دوای ئەوەی باپیرم دەچێت بۆ دوكان، ئەوانیش هیچ خزم و كەسێكیان نەبوو لە هەولێر، وەكو زۆربەی رۆژەكانی دیكە پوورم بە باوكم دەڵێ “بابچینە دوكانی باوكم، دەچنە دوكانی باپیرم و ماوەیەك دادەنیشن و هەندێ قەسپ دەخۆن، پاشان پوورم دەڵێ، من دەچمەوە ماڵ و نانی نیوەڕۆ حازر دەكەم. باپیریشم دەڵێ تۆ بڕۆوە ماڵ و محەمەد با لە دوكان بێت من لەگەڵ خۆم دەیهێنمەوە”.
شێرزاد دەڵێ “خەجیجە شكاكی پوورم لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بەر لەوەی بگاتە تەكیەی شێخ عەبدولكەریم بە گوتەی ئەوانەی كە بینیبویان سەیارەیەكی پڕ لە چەكداری ئینگلیز پێشی لێدەگرن و بە پاڵ دەیهاوێنە ناو ئۆتۆمبێلەكە و دەیڕفێنن، یەكێ لەو كەسانەش كە رووداوەكە بە چاوی خۆی دەبینێ باپیرم دەناسێ و یەكڕاست دێتە دوكان و بە باپیرم دەڵێ ئینگلیز كچەكەیان رفاندی. پاش گەڕان و سوڕانێكی زۆر، توركمانەكانی سەر قەڵات كە دەبینن جومعە كافرۆشی باپیرم بێكەسە لە هەولێر ئامۆژگاری دەكەن بچێتە بنكەی پۆلیسی جولەكەكان لە گەڕەكی تەعجیل و داوایەك لەسەر رفێنەرانی كچەكەی تۆماربكات، دوای سێ مانگ لە هات و چوون بنكە پۆلیسییەكەی تەعجیل باپیرم ئاگادار دەكەنەوە كە خەجیجی پوورم لە ئێراق نەماوە و بردوویانە بۆ بەریتانیا”.
خەجیجی كچی كافرۆش لە تەمەنی دوانزە ساڵی دەڕفێنرێت و لە ساڵی 1936 دوای دووساڵ لە ڕفاندنی وێنەكەی بە ناوی كچی كافرۆش بە هەموو كوردستان بڵاودەكرێتەوە.
شێرزاد محەمەد لە وەسفی خو و خەسڵەتەكانی خەجیجە شكاكی پووری دا، دەڵێ “ئەوەی كە لە باوكم گوێ لێبووە، ئەو زۆری كەیف بە جلوبەرگی ژنانەی شكاكی هاتووە، بەردەوام فیستان و كراسی لەبەر كردووە و زۆربەی كراسەكانیشی سووربووە، چونكە زۆری حەز بە رەنگی سوور كردووە، قایشی زێڕیشی لەسەر كراس بەستاوە و باپیرم لەبەر خۆشەویستی زۆری بۆی كڕیوە”. ئەو خواردنانەشی كەوا كچی كافرۆش حەزی پێكردووە، وەكو شێرزاد لە باوكیەوە دەگێڕێتەوە “كچی كافرۆش زۆری حەز لە دوو جۆرە خواردن بووە، كە یەكێكیان كفتەی حەجەمی و ئەوەی دیكەش “گردۆر” بووە كە جۆرە خواردنێكی شكاكانە و تێكەڵەیەكە لە برنج و ماست و گۆشت و هەمووی بەیەكەوە دەكوڵێنرێت”.
شێرزاد ئەوەشی گوت، كە بەرپرسەكەی ئینگلیز بەر لەڕفاندنی كچی كافرۆش چەند جارێك خوازبێنی لە باپیری كردووە و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە كە هەرچەندەی ئەوان داوابكەن لە لیرەی رەشادی و ماڵی دنیا، ئەو بۆیان جێبەجێبكات، بەڵام هەموو جارێك جومعە كافرۆشی باوكی دەڵێ ئێمە پەناهەندەین لێرە و شەڕەفی خۆمان بۆ ماڵی دنیا نافرۆشین.
كە كچەكەشی دەڕفێنن، وەكو شێرزاد دەیگێڕێتەوە “باوكی لە داخی ئەوەی بەرپرسێكی گەورەی سمكۆ شكاك بووە و لە هەولێر پیشەی بوو بە كافرۆشی، هەروا لە غەریبی كچەكەشی شونبزردەبێت و دەڕفێنرێت، هەردوو چاوەكانی كوێر دەبێت”.
بە گوتەی ئەو برازایەی كچی كافرۆش، لە دوای پێنج ساڵ بەسەر رفاندنی كچەكەی جومعەی باوكی كۆچی دوایی دەكات و لەسەر وەسیەتی خۆشی لەسەر مەیدان لە شەقڵاوە دەنێژرێت.
ئەو دووبارەی دەكاتەوە و دەڵێ “ئەو قسانەم هەمووی بە منداڵی لە باوكم گوێ لێبووە كە برا تاقانەی پوورم بووە، ئەو چۆنی بۆ گوتومە منیش ئەوە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە”.
بۆ سەلماندنی هەموو ئەو چیرۆكانەی كە شێرزاد لە بارەی باپیرەی كە یەكێ لە سەركردەكان و هەڤاڵی سمكۆی شكاك بووە هەروەها پووری كە لەناو كورد بە كچی كافرۆش ناسراوە، ئەوەش دەكاتە بەڵگە كە بۆخۆشی وێنەیەكی كچی كافرۆشی لابووە “وێنەكە رەش و سپی بوو، پوورم و باوكم و باپیرم بەیەكەوە گرتبوویان، باپیرم لە ناوەڕاستی هەردووكیان وەستابوو و دەستی خستبووە سەرشانیان”.
وێنەكەش هەمان ئەو وێنەی كچی كافرۆش بووە كە بڵاوكراوەتەوە
ئامادهكردنی بولبولی دهنگۆش
_________________________________