کەسایەتی ستیڤن جۆبز و وێزگە گرنگەکانی ژیانی و بەرهەمەكانی Steve Jobs
داهێنەری گەورە ستیڤن پۆڵ جۆبز (Steven Paul Jobs) لە ساڵی (1955) لە سانفرانسیسكۆ لە دایك بووە ، لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا ڕوی كردە كۆمپانیای (HP) و لەوێ دەستی بەكاركرد وەك یەکەم ئەزموونی ژیانی ، لەدوای ساڵێك كاركردن بەهۆی هاوڕێیەكی تریەوە هەر لەو كۆمپانیایە كەسێكی ناسی بەناوی (ستیڤ وازنیاك) كە پێنج ساڵ لەخۆی گەورەتر بوو كەسێك بوو كەخولیای ئەلیكترۆنی هەبوو لەگەڵ ئەم هاوڕێ نوێیەدا ئامێرێكیان دروست كرد كە بێ بەرانبەر پەیوەندی تەلەفونی ئەنجام دەدا بەڵام ئامێرەكە ڕی پێ نەدراوبوو هەربۆیە كارەكە وەك هیوایەتێك وابوو نەك داهێنان ، كاتێك ستیڤ دەبوایە بچێتە زانكۆ باوكی زانكۆی ڕیدی بۆ هەڵبژراد هەتا لە كۆلێژی هونەر بخوێنێت ، ماوەی مانەوەی ستیڤ لەم زانكۆیە تەنها ساڵێك بوو دواتر دوركەوتەوە لە خوێندن ، ستیڤ بەدەر لەوەی داهێنەرێكی ئەلیكترۆنی بوو خۆشەویستیەكی زۆری بۆ فەلسەفەی ڕۆژهەڵات هەبوو و پێ سەرسام بوو هەربۆیە لەم بوارەدا شارەزایی پەیدا كردوە تەنانەت خواردنی هەمیشەیی تەنها جۆرەكانی میوەو سەوزەو بوو چونكە چوەتە سەر باوەڕی بوزی بەتایبەتی ئەم ڕاستیەی كاتێك لەلا دروست بوو كە لەگەڵ یەكێك لە هاورێكانیدا سەردانی هیندی كردوەو ماوەیەكی لەوێ بەسەر بردوە وەك پشوو
ستیڤن جۆبز لە سەرەتای گەورەبونیدا ماوەیەك لە ویلایەتی (Oregon) لەناوچەیەك ژیاوە بەناوی (hippie) كە زۆر بەناوبانگە بە بەرهەم هێنانی سێو ، دور نیە بیرۆكەی ئەم لۆگۆیەی ئەپڵ لەوێوە سەری هەڵدابێت بەڵام بۆچونی تر زۆرە لەسەر ئەم لۆگۆیە ، پاش تێپەڕ بوونی چەند مانگێك لە ناوچەی (هیبی) ستیڤ جۆبز دەگەڕێتەوە كالیفۆرنیا و لە ساڵی 1974 دا لە كۆمپانیای (Atari) دەستی بەكاركرد ، کۆمپانیای ئەتاریش لە ساڵی 1972 دا بنیات نراوەو كارەكەی دروستكردنی یاریە ئەلیكترۆنیەكان بووە .
ستیڤن جۆبز و ستیڤ وازناك کاتێك كە لە كۆمپانیای ئیچ پی ئیشیان دەكرد پێكەوە لە ساڵی 1976 دا بۆیەكەم جار بیرۆكەی كۆمپانیای ئەپڵیان داڕشت بیرۆكەكە وابوو سەرەتا ستیڤن وازناك پێشنیاری بۆ ستیڤ جوبس كردبوو كە ئامێری جۆراو جۆر دروست بكەن و بیفرۆشنەوە بە كۆمپانیاو دامەزراوەكان بەڵام دواتر ستیڤ جۆبز بیرۆكەی دامەزراندنی كۆمپانیاكەی خستوەتە بەردەم ئەو هاوڕێیەی و ئەویش پێ باش بووە كۆمپانیای ئەپڵیان دامەزراندوە پێكەوە بە هاوكاری (روناڵد جیرالد) كە ئەویش كەسێكی زۆر بەتوانای بواری ئەلیكترۆنیە و پێش ئەوەی لەگەڵ ئەماندا بڕیاری دروستكردنی كۆمپانیای ئەپڵ بدات لە كۆمپانیای ئەتاری كاریكردوە و یەكەم كۆمپیوتەریان بە هاوبەشی بنیات نا بەناوی كۆمپیوتەری ئەپڵ دەستیان كرد بەفرۆشتنی و بڵاوكردنەوەی بە بازاڕادا
ستیڤ جۆبز وەك سەرپەرشتیار و خاوەنی بیرۆكەو داهێنەر لە كۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی (1978) كۆمپیوتەرێكیان بنیات نا كە كاری فرۆشتنی لە ماركێتەكاندا ئاسان دەكرد ئەم داهێنانە دەنگدانەوەیەكی باشی پەیدا كرد و ناوبانگێكی ناوخۆیی ودەرەكی لێ كەوتەوە بۆ ستێڤن جۆبز .
ئەم داهێنەرە بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ پرۆژەی دروستكردنی كۆمپیوتەری (Lisa) كە هەزانتر بنیات بنرێت لەوەی ماكنتۆش كەوتە كێشەوە لەگەڵ هاوپیشەكانیدا بەڵام كۆمپیوتەری لیزا دروستكراو لە ساڵی 1982دا بڵاو كرایەوە بە ناوی (Lisa computer) چونكە كۆمپیوتەری (Macintosh) نرخێكی گرانی هەبوو ، سەرئەنجام پاش ئەوەی ڕوكاری وێنەیی بنیات نرا بۆ كۆمپیوتەری لیزا کەبەیەکم بەرهەم دادەنرێت کە روکاری وێنەیی بەکارهێنابێت لە تەکنیکەکەیدا ، بەرهەمەكەیان بڵاو كردەوە لە ڕوی داهێنانەوە سەركەوتو بوو بەڵام لە روی فرۆشیەوە كاریگەری نەبوو ، ناچار كەوتنەوە گەشەپێدانی پرۆژەی ماكتنتۆش و لەگەڵ ستڤین جۆبز داو لەسەر لەبەرهەمی (Macintosh) یەكیان گرتوە بەڵام ئەمجارە بە سەرۆكایەتی ستیڤ جۆبز توانیان لە تێكەڵكردنی تەكنیكی وێنەیی كۆمپیوتەری لیزا و بەهەمان ناوی پێشوەوە ئەم بەرهەمە بنیات بنێن و بەتەواوی بازاڕی كۆمپیوتەر كۆنترۆڵ بكەن لە روی فرۆشتنەوە ئەمە یەكەمین هەنگاوی هەر زۆر سەركەوتوانەی ستیڤ جۆبز بوو
لە ساڵی 1983 دا كۆمپانیای ئەپڵ بە بەرهەم هێنانی كۆمپیوتەری كەسی ناوبانگێكی جیهانی پەیداكرد و تەواوی سەركەوتنەكانیشی لە ئەستۆی ستیڤ جۆبزدا بوو چونكە كەسێك بوو زۆر باوەڕی بە كارەكانی هەبوو هەرچەندە چەندین جار بە تەنها لە ئیشێك بەجێ هێڵراوە لە لایەن هاوڕێكانیەوە بەڵام ئەم هەر سور بووە لەسەر بنیات نانی هەر ئەم باوەڕ بەخۆ بوونەش گەیاندی بەم نازناوەی ئێستای
هەر هەشتاكانەوە كاتێك كۆمپیوتەری ماكنتۆش كەوتە بازاڕەوە بە روكارێكی وێنەیی سیستەمەكەی ڕازێنرابویەوە لەم ڕوەوە پێویست دەكرا شتێك هەبێت بتوانێت لە سەر ئەم ڕوكارە وێنەییە كار بكات بۆیە بیرۆكەی ماوس لەگەڵ سیستەمەكەدا خرایە بواری كارەوە بێگومان لەسەرەتادا ماوس یەك دوگمەی هەبوو كە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕوبەری دیسكتۆپەكە بەهۆی خلۆكەیەكی بزۆكەوە هاتو چۆی پێدەكرا
ستیڤ جۆبز پیاوێكی داهێنەر بوو ئەم داهێنانەی سەرەڕای ناوبانگی سامانێكی خەیاڵیشی تێدا بەدەست هێناو كاتێك تەمەنی بوو بە 21 ساڵ بوو بەخاوەنی یەك ملیۆن دۆلار پاش تێپەڕ بوونی یەك ساڵ واتا لە 22 ساڵیدا بوو بە خاوەنی 10 ملیۆن دۆلار و لە 23 ساڵیدا بوو بەخاوەنی 100 ملیۆن دۆلار ، ئەگەر سەرنج بدەن لەم سێ ژمارەیە ئەوا بۆمان دەردەكەوێت ئەم پیاوە چ توانایەكی لەو بوارەدا هەبووە كە بەو خێراییە زۆرە بتوانێت متمانەی خەڵكی بەدەست بهێنێت و بەرهەمەكانی بەو شێوە پێشوازی لێبكرێت لە لایەن بەكارهێنەرانەوە
لە ساڵی 1985 دا كاتێك ئەپڵ ڕێ نەدەكەوت لەسەر بەڕێوەبەری جێ بەجێكارێك و ستیڤ جۆبزیش سور بوو لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە ناكۆكی كەوتە نێوان بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكەو و ستیڤ جۆبز بەتەواوی وازی لە كۆمپانیای ئەپڵ هێناو تەواوی پشكەكانیشی فرۆشت و كۆمپانیای (Next Computer, Inc) دامەزراند لەگەڵ سەرمایەدارێكدا كە لە بواری (Computing Platform) كاری دەكرد لە سالی 1988 دا یەكەم جۆری كۆمپیوتەری بە ناوی (NeXT Computer) بەرهەم هێنا كە تەواو هاوشێوەی بەرهەمەكەی ماكنتۆش بوو .
پاش وازهێنانی ستیڤ جۆبز لە كۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی 1985 وە كۆمپانیای ئەپڵ بەرەو شكست چوو لە لە كۆتایی ساڵی 1996 دا توشی گەورەترین كێشەی دارایی بوو بەجۆرێك تەنها 90 ڕۆژی مابوو بەتەواوی كۆمپانیاكە دابخرێت ئەمەس نیشانەی بەتوانایی ئەم پیاوە دەردەخات كە خۆی بنیاتنەری ڕاستەقینەی ئەم كۆمپانیایە بوو ، هەربۆیە ئەپڵ دووبارە پەنایان بردوە بەر ستیڤ جۆبز و پاش كڕینەوەی بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكە كرا بە بەرپرسی جێبەجێكاری ئەپڵ و هەر لەو كاتەشدا بیل گیتس ئەگەر چی گەورەترین ڕكابەری كۆمپانیای ئەپڵ بوو بەڵام ئەپڵی لەو قەیرانە ڕزگاركردوو بە هاوكاری دارایی وبنیات نانی بەرهەمەكانی ئۆفیس لە سەر سیستەمی ماك كۆمپانیای ئەپڵ دەستی كردوە بە گەشەكردن و لە ساڵی 1997 دا تەواوی كۆمپانیای (Next Computer) تێكەڵكرا بە ئەپڵ و بەیەكجاری لە ژێر سەرپەرشتی ستیڤ جۆبزدا كەوتە گەشەكردن وبنیات نانی بەرهەمەكانی
ستیڤ جۆبز سەرباری ئەوەی لە ئەپڵدا بوو خاوەنی بەشێكی زۆر لە كۆمپانیای (Pixar) بوو كە لەبواری ئەنیمەیشندا كاری دەكرد و لە ئێستا تەواوی پشكەكانی لە لایەن كۆمپانیای دیزنیەوە كڕاوەتەوە لە بواری بەرهەم هێنانی فلیمە ئەنیمەیشنیەكاندا بەهێزترین كۆمپانیایە ماوەیەكیش لە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئەو كۆمپانیایەدا بوو .
كورتەی ئەو بیرۆكەكانی ستیڤ جۆبز پاش گەڕانەوەی بۆ كۆمپانیای ئەپڵ كە جێ بەجێ كرا :
ئەم چوار داهێنانە کەلە سەردەمی ستیڤ جۆبزدا کۆمپانیای ئەپڵی گەیاندە لوتکە مەرج نیە تەواوی بیرۆکەکە هی ئەو بێت بەلام ستیڤن وەك بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا بڕیاری لەسەر داوە کە چۆن بهێنرێتە بەرهەم و چۆن بروەی پێبدرێت ، هەرچۆن بێت شانازیەکە بۆ ئەم دەمێنێتەوە کە ڕابەرایەتی ئەم شۆرشە نوێیەی تەکنەلۆژیای ئەپڵی کرد هەرچەندە تەواوی بیرۆکەکە لە لایەن ستیڤەوە پێشنیار کراوە .
1- (iMac) بەرهەم هێنانی ئای مای ماك كە كۆمپیوتەرێكە هاوشێوەی بەرهەمەكانی (IBM) لە ساڵی 1998 دا بەڵام بە ڕوكارێكی سەرنج ڕاكێش و توانایەكی ئێجگار بەرز .
2- (iPod) بەرەهەم هێنانی ئای پۆد و هاوكات پەیوەستكردنی بە بەرنامەیەكەوە بەناوی (itunes) لە ساڵی 2001 دا كە بۆ داگرتن و گوێ گرتن لە میوزیك بەكارداێت و بەم دواییەش شاشە لە ئایپۆدەكاندا زیادكرا هەتا بەرهەمە ڤیدیۆییەكانیش ببینرێت تێیدا .
3- (iPhone) بەرهەم هێنانی ئایفۆن كە شۆڕشێك بوو بەسەر هەموو كۆمپانیاكانی تردا و ئەپڵی كرد بە پێشەنگی سمارت فۆنەكان ، ئەم بەرهەمەش یەكەم دەرچووی لە ساڵی 2007 خستە بازاڕوە ، بەهەمان شێوەی ئایپۆد لە هەمان سەرچاوەی ئایتونسەوە بابەتەكانی فەراهەم دەكرێت و هەمان سیستەمی ئای پۆدە نوێیەكانیشی لەسەرە
4- (iPad) لە ڕوی كارەوە تەواو لە ئایفۆن دەچێت و هەمان توانای ئایفۆنیشی هەیەو هەمان سیستەمیش بەكاردێنن بەڵام لە ڕوی پێك هاتەوە جیاوازن و گرنگترین جیاوازیشیان قەبارەیانە لە ساڵی 2010 یەكەم دەرچووی لێ بڵاوكرایەوە .
ستیڤ جۆبز كەسێكی سادەبوو بەجۆرێك كەمترین جار بە جل و بەرگی گرانبەهاوە دەردەكەوت و هەمیشە وەك كەسێكی ئاسایی بوو سامانەكەی نەبووە هۆی گۆڕینی شێوەی ژیانی گەرچی لە ڕوی تەندروستیەوە كەسێكی ناساغ بوو بەردەوام بەدەست نەخۆشیەوە دەیناڵاند
ئەم كەسایەتیە گرنگە لە ساڵی 2004 دا توشی جۆرێكی دەگمەن لە شێرپەنجەی پەنكریاس بوو ئەگەرچی لە ساڵی 2009 دا نەشتەرگەریەكی سەركەوتوانە بۆ ئەنجام درا ، بەر لە مردنیشی بە چەند مانگێك دەستی لە بەڕێوەبەرایەتی ئەپڵ كێشایەوەو سەر ئەنجام پاش دوو ساڵ لە نەشتەرگەریەكە لە 2011 دا بە یەكجاری ماڵئاوایی لە ئێمەو دنیای تەكنەلۆژیا و داهێنان كرد .
نووسهری بابهت: هۆشمهند صاڵح
سهرچاوه:l4kurd.com
_________________________________