هواوەى بەفەرمى مۆبایلى Huawei P8 و P8maxـى ڕاگەیاند
کەى ئاى تى ئێن-پێگە تەکنەلۆژیەکان
دوێنێ بەڕێوبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى هواوەى “Richard Yu” بەفەرمى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا پەردەى لەسەر تازەترین بەرهەمى کۆمپانیاکە کە بریتیە لە مۆبایلى Huawei P8 لادا.
مۆبایلى (Huawei P8) دروستکراوە لە پەیکەرێکى تەواو کانزایى (ئەلەمنیۆم) و چوارچێوەیێکى کانزایی بە تەنکى ٦،٤ ملیمەتر، کە هەمان تایبەتمەندى چوارچێوەیە لەگەڵ Ascend P7.
مۆبایلەکە بە پرۆسێسەرێکى Kirin 935 هەشتى ناوەکى لە جۆرى Cortex-A53 و ڕامێکى ٣ گێگابایتى کاردەکات. یادگەى ناوخۆیی ئامێرەکە لە ١٦ گێگابایتەوە دەستپێدەکات تاکو ٦٤ گێگابایت و تواناى زیادکردنى هەیە بە یادگەى دەرەکى تا ١٢٨ گێگابایت.
مۆبایلى (Huawei P8) ڕوونمایێکى بەقەبارەى ٥،٢ ئینج و بەڕوونى FullHD هەیە. کامێراى مۆبایلى ناوبراو ١٣ مێگاپێکسڵە و پشتگیرى تەکنیکى OIS دەکات بۆ بەهێزکردنى وێنە. Huawei P8 یەکەم مۆبایلە کە کامێرایەکى بە چوار جۆر هەستەوەر لە کرانەوەى پێکسڵەکانیدا هەبێت، کە یارمەتیدەرە بۆ گرتنى وێنە لە بارێکى کزى ڕووناکیدا. وە کامێراى پێشەوەیشى ٨ مێگاپێکسڵە.
مۆبایلى ناوبراو بە پاتریەکى ٢٦٨٠میلى ئەمپێر لە کاژێرێک کاردەکات، هواوەى دەڵێت دڵنیایی ئەوە دەدات کە بۆ ماوەى ٢ ڕۆژ مۆبایلەکە کاردەکات، بێگوێدانە ئەو ئەڵیکەیشنانەى کە لەسەرى دادەمەزرێت.
مۆبایلەکە بە سیستەمى وەگەرخەرى ئەندرۆید کۆتا وەشان (لۆلیپۆپ) و بە ڕووکارى تایبەت بە هواوەى EMUI 3.1 کاردەکات و پشتگیرى تۆڕەکانى نەوەى چوارەم دەکات.
وە هەروەها هواوەى مۆبایلێکى ترى بەناوى Huawei P8 Max ڕاگەیاند، کە هەمان تایبەتمەندى P8ى هەیە تەنها ڕوونماکەى گەورەترە و قەبارەى ٦،٧ ئینجە.
نرخى Huawei P8 نزیکەى ٥٢٦ دۆلارى ئەمەریکیە وە نرخى Huawei P8 Max نزیکەى ٥٨١ دۆلارى ئەمەریکیە.
سهرچاوه: kitn.net
_________________________________