بۆچی باڵنده‌كان له‌سه‌ر شێوه‌ی پیتی V ده‌فڕن

كاتێك باڵنده‌كان به‌ ئاسماندا بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ ده‌فڕن، شێوازێك وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ پیتی V ی ئینگلیزی ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و شێوازه‌ نامۆیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێی راهاتووین، خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌یان داوه‌، شیكردنه‌وه‌ باوه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ گه‌شتكردنی باڵنده‌كان به‌شێوه‌ی پۆل و له‌سه‌ر شێوازی پیتی V ده‌بێته‌هۆی كارئاسانی په‌یوه‌ندیكردن له‌نێوان باڵنده‌ گه‌شتكردووه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پۆله‌ گه‌شتكردووه‌كه‌دا، به‌وشێوه‌یه‌ش ئه‌ندامانی تری پۆله‌كه‌ ده‌توانن شوێن سه‌رۆكه‌كه‌یان بكه‌ون و جوڵه‌و فه‌رمانه‌كانی لێوه‌ربگرن.

به‌ڵام زاناكان قه‌ناعه‌تیان به‌م شیكردنه‌وه‌یه‌ نه‌بوو، بۆیه‌ یاسای دینامیكی هه‌وایی (جوڵه‌ی هه‌وایی) یان به‌كارهێنا بۆ زانینی هۆكاره‌كه‌، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و شێوازه‌ فڕینه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی نوێترین ئامێری كۆمپیوته‌ره‌وه‌ كراوه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ توانراوه‌ سه‌رگوزشته‌ی پڕۆسه‌ی فڕینی ئه‌و باڵندانه‌ بخرێته‌ڕوو كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ به‌ ئاسماندا گه‌شت ده‌كه‌ن. * هۆكاری فڕینی باڵنده‌كان له‌سه‌ر شێوازی پیتی V فڕینی باڵنده‌ گه‌شتكردووه‌كان له‌سه‌ر شێوازی پیتی V ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ بتوانرێت سوود له‌و جوڵه‌ هه‌واییه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ باڵنده‌كانی هه‌موو پۆله‌كه‌ دروستی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و وزه‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی پۆله‌كه‌ له‌كاتی فڕیندا به‌كاریبهێنێت، واته‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ باڵنده‌كان كاتێك باڵه‌كانی ده‌دات به‌ هه‌وادا، وزه‌یه‌ك دروستده‌كات كه‌ یارمه‌تی خۆی و ئه‌و باڵنده‌یه‌ی كه‌ له‌ دواوه‌وه‌یه‌تی ده‌دات له‌كاتی فڕیندا، به‌وشێوه‌یه‌ش هه‌موو باڵنده‌كانی پۆله‌كه‌ هاوكاری یه‌كتری ده‌كه‌ن له‌كاتی فڕیندا. لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرایانكردووه‌ كه‌ به‌و شێوازه‌ فڕینه‌ هه‌موو پۆله‌كه‌ ده‌توانن ماوه‌یه‌ك ببڕن كه‌ 71% زیاتره‌ له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ باڵنده‌یه‌ك به‌ ته‌نها ده‌توانێت بفڕێت، لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان ئه‌وه‌شیان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كاتێك باڵنده‌یه‌ك له‌و شێوازه‌ی پۆله‌كه‌ ده‌رده‌چێت و هه‌ست به‌ قورسایی و ته‌وژمی هه‌وا ده‌كات، دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی له‌ناو پۆله‌كه‌دا. بێگومان سه‌رۆكی پۆله‌كه‌ كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ ده‌فڕێت، ئه‌ركی له‌ هه‌موو باڵنده‌كان قورستره‌، چونكه‌ روبه‌ڕووی زۆترین ته‌وژمی هه‌وا ده‌بێته‌وه‌، كاتێكیش هه‌ست به‌ ماندوبوون ده‌كات، ده‌چێته‌ به‌شی دواوه‌ی پۆله‌كه‌و باڵنده‌یه‌كی تر ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌و باڵندانه‌شی كه‌ له‌ به‌شی دواوه‌ی پۆله‌كه‌دان ئه‌ركیان هاواركردن (قیڕە قیڕ كردن) ـه‌ بۆئه‌وه‌ی باڵنده‌كانی به‌شی پێشه‌وه‌ هان بده‌ن خۆڕاگر بن له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمه‌كانی هه‌وادا، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بفڕن. به‌و شێوه‌یه‌ش یاسای دینامیكی هه‌وایی شیكارێكی لۆجیكی و زانستیمان بۆ ده‌كات له‌باره‌ی هۆكاری باڵنده‌ گه‌شتكردووه‌كان له‌سه‌ر شێوازی پیتی V، كه‌ هه‌ندێك جار له‌كاتی نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كاندا فڕۆكه‌كانی دواوه‌ هه‌مان شێواز وه‌رده‌گرن بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك بفڕن و پابه‌ند بن به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی پۆله‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌:باخچه‌

www.baxcha.com


 _________________________________

You may also like...